نوکته ۆ زانیاری

نەخۆشی تای خوێن بەربوون چییە؟

پەتای کۆنگۆ یاخود تای خوێنبەربوون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات کە زیندەوەرێکی بچوک "گەنە" هەڵیدەگرێت، ئەم ڤایرۆسە  لە شارەکانی ئەفریقا و بەلقان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، ساڵانە زیاد دەکات و بڵاوە.

نەخۆشییەکە لە ڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، 40% ئەو کەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.

دەربارەی نیشانەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و چارەسەر و چۆنێتی خۆپاراستن و گواستنەوەی بۆ مرۆڤ، دکتۆر سەرهەنگ جەلال، بەڕێوەبەری بەشی خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر بۆ خەندان زانیاری زیاتر دەخاتەروو.

ماۆه له درێژه‌ی بابه‌ت 

 تای خوێن بەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و  تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی دیار نییە لەسەر ئاژەڵەکە.

*هۆکارەکانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ:

.1ئەگەر ئەو گەنەیەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و بە مرۆڤەکەوە بدات،  ئەوا مرۆڤەکە تووشی تای خوێن بەربوون دەبێت، یان مرۆڤ گەنەکە بگرێت و بیکوژێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

.2لە رێگەی سەربڕینی ئاژەڵی تووشبووەوە، کاتێک خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، لە بەروبوومەکەشیدا هەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو شیرەکە بکوڵێنرێت ئەوا هیچ ڤایرۆسێکی تێدا نامێنیت، هاوکات گۆشتیش بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە چییە؟

.1لە 3-7 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و  نەخۆشییەکە تایەکی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت  ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و رشانەوە ببێت، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات.

.2نەخۆشەکە لە دەموو لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێن بەربوون دەردەکەوێت، لەوکاتەشدا دەبێت چارەسەر بکرێت.

چارەسەری ئەم نەخۆشییە چییە؟

هەموو تایەک و خوێن بەربوونێک نەخۆشییەکە نییە، بەڵام بێگومان ئەگەر کەسەکە دەستکاری ئاژەڵی کردبێت، یان ئاژەڵی سەر بڕیبێت، یاخود تێکەڵی لەگەڵ ئاژەڵ هەبێت، یان لە جێگایەک بووبێت ئەو ڤایرۆسەی تێدابێت، گومان دەکرێت، هەربۆیە دەبێت پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت.

پێویستە لە نەخۆشخانە جیابکرێتەوە لەگەڵ نەخۆشەکانی دیکە، چونکە زۆرجار پاشەڕۆکەی دەبێتە هۆی تووشبوونی نەخۆشی تر، هاوکات بەگوێرەی نیشانەکانی چارسەر دەکرێت، تای هەبوو دەرمانی تای پێ دەدرێت، خوێنی کەم بوو خوێنی تێدەکرێت، یان سکچوون و ڕشانەوەی هەبوو، دەرمانی تایبەت بە سکچوونی پێدەدرێت، لەگەڵ دەرمانێکی دژە ڤایرۆس.

نەخۆشەکە ئەگەری مردنی هەیە بە رێژەی لە 30-40%، لە 70% ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە، ئەگەر زووش دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت و چارەسەر بکرێت، ئەگەری چارەسەر و چاکبوونەوەی ئاسانە.
ڕێگاکانی خۆپاراستن:

.1دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان بە نایاسایی.

.2ئەو کەسانەی گۆشت فرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە سەردانیان دەکەن بەمەبەستی کڕین دەبێت بە ئاگابن.

.3نەچوونی مرۆڤ، بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە.