خێزان خۆیان هۆکارن بۆ دروستبوونی شەرمنیی لای منداڵەکانیان
خێزان ئەو فێرگەیە کە دەتوانێت منداڵانێکی تەندروست و دەرووندروست وەبەربهێنێت لەڕووی سایکۆلۆژیو فیسۆلۆژیو ژیرییەوە، لەسەروو ئەمانەشەوە گۆشکردنی کۆمەڵایەتی، دایکانو باوکان میکانیزمی سەرەکین لەپەروەردەکردنی منداڵی شەرمندا،
ماوه له درێژهی بابهت
لێرەدا ئاماژە بەهەندێ لایەنی شەرمنی منداڵ دەدەین کە دایکو باوک بوونەتە هۆکاری چاندنی تۆوی شەرم لەناخی منداڵدا. منداڵ هەتا تەمەنی 5 بۆ 6 ساڵی بەتایبەتی کوڕ، قژی درێژ دەکەنو پۆشاکی کچانەی لەبەردەکەنو نازو مەکری کچانەی بۆ دەردەبڕن، هەندێ جار ئەو شتانەی کە بۆ ڕازاندنەوەی کچان بەکاردەهێنرێت یان بۆ جوانکاری کچانە، بۆ کوڕانیش بەکاریدەهێنن، وەک قردێلەو …تد، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ شەرمکردنی منداڵ.ترس لەچاو پیسیو ئیرەیی پێبردن ڕۆڵی کچان دەگێڕن بەکوڕان، چونکە هێشتا لەکۆمەڵگەی ئێمەدا کچبوون عەیبو عارەو کوڕ ڕۆشنایی چاوەکانی دایکانو باوکانو پشتو پەناو ڕوناککەرەوەی ئایندەیە.هەروەها ئەو کوڕانەی کە لەپاش لەدایکبوونی چەند کچێک لەدایک دەبن، هەمان نازو لاواندنەوەو داواکاریەکانی جێبەجێدەکرێت کە پێشتر بۆ کچان جێبەجێکراوە، لەدوای ڕۆشتنە دەرەوەی بۆ دونیای دەرەوەی خێزان چاوەڕێ دەکات کە چۆن دایکو باوکی داخوازیەکانیان بۆ جێبەجێدەکرد، ئاوەهاش هاوڕێکانی داواکانی بۆ جێبەجێ بکەن، بەڵام سەرئەنجام کاردانەوەی ڕەوشتو هەڵسوکەوتی زبری هاوڕێکانی دەبینێتو بەمەش هەست بەکەموکوڕی دەکات، چونکە زۆر نازپێدانو بەدەمەوەچوونو لاواندنەوەی منداڵ سەرچاوەیەکە بۆ شەرمنی لای منداڵ.
تەمەنی دایکو باوک ئەزموونی چەندەها ساڵی ژیانە، بەڵام دەیانەوێت منداڵەکانیشیان هەمان بیروبۆچوونو هەڵسوکەوتو قسەکردنی وەک خۆیانیان هەبێت، ئەگەر هاتوو منداڵەکە هەڵەیەکی کرد یان قسەیەکی نابەجێی کرد، یاخود شتێکی شکاند، ئەوەندە بەزەبروزەنگو توڕەییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن بەتایبەتی لەلای بێگانە، کە منداڵەکە وایلێدێت لەتاکەکانو کۆمەڵگە داببڕێتو گۆشەگیرو کەمدوو بێت، هەمیشەش بەچاوی کەموکوڕیو شەرمەوە دەڕوانێتە خۆی، بەڵام ئەو منداڵانەی کە لەژینگەیەکی ئازاددا، کە ژینگەیەک بێت پڕ لەهەستو سۆز دەربڕینو ئازادی قسەکردن بێت، هەروەها لەو ژینگەدا چاو لەزۆر هەڵەی لاوەکی منداڵ بپۆشرێتو چارەسەرکردنی حاڵەتە نەخوازراوەکانی بەئامۆژگاری بکرێت، ئەوکات منداڵ هەمیشە خاوەن دەروونێکی دروستو بێ گرێیەو دەتوانێت لەگەڵ خەڵکانی لەسەروو تەمەنی خۆیشیدا قسەو باس بکاتو هەڵسوکەوت بەئەنجام بگەیەنێت، جگە لەوەش دەتوانێت کارو فەرمانەکانی ڕۆژانەی بەباشیو ڕێکوپێکی بەئەنجام بگەیەنێت.
هەروەها لەنێو ئەو خێزانانەی کە زنجیرەی سۆزو خۆشەویستیو ڕێز پچڕاوە هەمیشە دەنگە دەنگو دەمەقاڵێو شەڕو شۆڕو غەوغایە، منداڵیش ڕۆحیەتی لە وەها ژینگەیەکدا نەشونما دەکاتو بەدڵەڕاوکیو ڕاڕاییو نیگەرانییەوە گەورە دەبێت، بەمەش منداڵێکی شەرمن بەرهەم دێت.لەکۆمەڵگەی کوردیدا کە تاوەکو سەر ئێسک کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریە، دەبێت منداڵو ژنان لەژێر ڕکێفی باوکاندا بنو لەچوارچێوەی لێکدانەوەی باوک بۆ ژیانو بەپێی عەقڵو بیرۆبۆچوونی ئەو هەڵسنو دابنیشنو هەڵسوکەوت بکەن، تۆوی ترس لەناو دڵو دەروونو ناخی منداڵدا چەکەرە دەکات کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ تووشبوونی منداڵ بەگرفتی دەروونی، لەتەنیشت ئەمانەشەوە منداڵێکی شەرمن دێتە کۆمەڵگەوە.
دەرئەنجامی ئەو زنجیرە ڕووداوە ناخۆشە یەک لەدواییەکانەی کە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا هاتووە، تا هەنوکە پاشماوەو قۆڵاخی بەسەر جەستەو ڕۆحی هەموو تاکێکی ئەم هەرێمەوە جێهێشتووە، ئەمەش بووە بەهۆکاری ئەوەی کە دایکانو باوکان نەخوێندەوارو ناڕۆشنبیر بن، هەر بۆیە شارەزاییەکی ئەوتۆیان نیە لەپەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا، پەروەردەکردن هونەرو زانستە، پێویستە هەموو دایکو باوکێک بیزاننو بەشێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێی بکەن لەژیانی منداڵەکانیاندا.
ڕۆڵی خێزان لەنەهێشتنی شەرمنی لای منداڵ
دایکانو باوکان دەتوانن ببنە خاڵی ناواخنی نەهێشتنی گۆشەگیریو ڕاڕاییو دڵەڕاوکێو لەتەک ئەمانەشدا شەرمکردن لای منداڵەکانیان، ئەمەش لەڕێگەی دروستکردنی ژینگەیەکی خێزانی پڕ لەسۆزو خۆشەویستییەوە دەبێت، جگە لەوەش پێویستە منداڵ بەو لۆژیکەوە پەروەردە بکرێت کە باوەڕو متمانەی بەخۆی هەبێتو دەماری ترسو شەرمنی لەڕێگەی قسەو دیالۆگو دانوسانەوە بەنزیکبوونەوە لەمنداڵ لاببرێت.
پێویستە بەشداری زۆر بەمنداڵ بکرێت لەچالاکیە بەگروپەکانداو تێکەڵ بەمنداڵان بکرێن، هەروەک چۆن گرنگە دایکانو باوکان منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەنە شوێنە گشتیەکانی وەک پارکو بازاڕو سۆپەرمارکێتەکانو …تد، نابێت هیچ کات لەبەردەم خەڵکاندا ڕەخنەو تانەو توانجی لێبدرێت، هەروەها نابێت لەسەر کێشەی لاوەکی تەریق بکرێتەوەو ڕیسوا بکرێت، چونکە قۆناغی منداڵیی قۆناغێکی زۆر هەستیارەو خاوەن هەستێکی ناسکە، بۆیە پەی بەزۆر شت دەبات، هەمیشە پێویستە هەڵسوکەوتی جوان لەگەڵ منداڵدا بکرێتو بەئەندازەی تەمەنی خۆی ڕێزی لێبگیرێت، بۆئەوەی منداڵێکی پشتبەستوو شەرمن دەرنەچێت، بەو پێیەی کە هەموو منداڵێک خاڵی لاوازو بەهێزی هەیە، دەتوانرێت برەو بەخاڵە بەهێزەکانی بدرێتو خاڵە لاوازەکانی لا کاڵ بکرێتەوە. چۆن؟ بۆنموونە منداڵێک ئەکتیڤو کارایە لەهاریکاری دایکو باوکیدا، بەڵام شەرمنە لەڕۆیشتنە میوانی ماڵان، لەم حاڵەتەدا دایکو باوکی ئەو منداڵە دەبێ بەشێوەیەک وەسفی خاڵە بەهێزەکانی منداڵەکەیان بکەن، کە هەمیشە شانازی پێوە بکاتو لەو خەیاڵەدا بێت کە کارەکانی زۆر گرنگ بوون کە ئەنجامی داون، بۆ خاڵە لاوازەکانیش دەبێ دایکو باوکی هەر منداڵێک بەشێوەیەک باسی خاڵە لاوازەکانی بکەنو لای بچوک بکەنەوە، بۆئەوەی بتوانرێت لەو دۆخە بهێنرێتە دەرەوەو بڕوا بەخۆبوون لای منداڵەکە زیاتر ببێت، هەروەها هۆشیاریو داناییو ئاستی زانیاری دایکانو باوکان بەخاڵی هەرە جەوهەریو ماهیەتی پەروەردەی تەندروست دادەنرێن بۆ پەروەردەکردنی منداڵێکی ئاسایی، چونکە لەژێر سایەی ئەو زانیاریو ڕۆشنبیریەی دایکانو باوکاندا کەمترین حاڵەتی شەرمنی دێتە پێشەوە بۆ منداڵەکانیان.
مامەڵەی دایکانو باوکان وەک هاوڕێ لەگەڵ منداڵەکانیاندا دیواری باوکسالاریو دایکسالاری هەرەس پێدەهێنێتو منداڵەکانیان هەر کێشەو گرفتێکیان هەبێت بێ دوودڵیو هیچ کێشەیەک ڕاشکاوانە بەدایک یان باوکیان دەڵێن، بۆئەوەی بتوانن ڕێگەچارە بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە، ئەو منداڵانەی کە لەخێزانێکی ڕۆشنبیردا گەورە دەبن جیاوازن لەو منداڵانەی کە لەخێزانێکی دواکەوتوو و نەخوێندەواردا گەورە دەبن، لەبەرئەوەی ئەو منداڵانەی لەخێزانێکی دواکەوتوودا پەروەردە دەبن، کێشەکانیان بەقەتیسماوی لەناخیاندا دەمێنێتەوەو بەگۆشەگیریو دوورەپەرێزیو شەرمنیەوە درێژە بەڕێڕەوی ژیان دەدەن.